سەروتار

سخن سردبیر


عنوان مقاله [English]

Editorial Note in Kurdish

ئەگەر سووکە ئاوڕێک لە ڕەوتی دامەزران و گەشەی بەشەکانی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا بدەینەوە، تێدەگەیین ئەم لقە زانکۆییە لە ئێراندا زۆر درەنگتر لە وڵاتانی تر کراوەتەوە. یەکەم بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە ساڵی ١٩٥٩ی زاییندا لە زانکۆی بەغداد دامەزرا و لە هەمان ساڵدا بەشی کوردۆلۆژی لە ئاکادێمیی زانستە ڕۆژهەڵاتییەکانی سەینت پیتێرزبورگ‌ کرایەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا بەشە کوردییە جیاجیاکان لە ڕووی ژمارە و ئاستەوە بەردەوام لە پەرەسەندندا بوونە، بە شێوەیەک کە نەک هەر لە زانکۆکانی تورکیا، عێراق و سووریا بەڵکوو لە زانکۆکانی وڵاتانی ئەوروپیشدا وەک فەرانسە، بریتانیا، ئاڵمان، ڕووسیا، سوید و پۆلۆنیا و تەنانەت بەم دواییانەش لە هەندێ زانکۆی ئەمریکای باکووریدا، زمان و وێژەی کوردی لە ئاست و قۆناغی جیاجیادا بۆ توێژەران، بەرپرسانی خوێندنی باڵا و پلان‌داڕێژەرانی وانەیی و فەرهەنگی، هەردەم جێگای بایەخ بووە و گرنگایەتیی بەرچاوی هەبووە. کوردی، زمانی سیستەمی پەروەردەیە لە کوردستانی عێراقدا و وەکوو بەشی زانکۆییش لە زیاتر لە پانزە زانکۆی حکوومی و ئەهلیدا بایەخی پێ دەدرێ. لە تورکیا، لە زانکۆکانی وان، ماردین، دێرسیم، مووش و بینگۆل، کوردی لە ئاستی بەکالێریووس، ماستێر و دوکتۆریدا دەخوێندرێ. لەم ساڵانەی دواییشدا لە زانکۆکانی قامیشلۆ و کۆبانێ ئەم بەشە دامەزراوە و چالاکیی نواندووە.  

لە ئێراندا بەشی زمان و ئەدەبی کوردی بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠١٥دا لە زانکۆی کوردستان لە سنە کرایەوە. ئەم هەنگاوە بە سەرنج‌دان بە جێگە و پێگەی زمانی کوردی وەکوو یەکێک لە لقەکانی زمانە ئێرانییە ڕۆژئاواییەکان لە بنەماڵەی گەورەی زمانە هیندوئێرانییەکان گەرچی زۆر درەنگ هەڵگیرا، بەڵام دەکارێ مزگێنی‌بەخشی ئەنجام‌دانی کۆمەڵێ توێژینەوەی ڕەسەن و جیدی بێت لەم ئاقارەدا. دامەزراندنی «ناوەندی توێژینەوەکانی کوردستان‌ناسی» لە ساڵی ٢٠٠دا، کە ئاستیی لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە لە ٢٠١٦دا بۆ «توێژینگەی کوردستان‌ناسی» بەرزکرایەوە، دەتوانێ پەرەپێدەری کۆمەڵێ هەوڵی بنەڕەتی بێت لە دەڤەری زمان و ئەدەبی کوردیدا. زانکۆی کوردستان لەم ساڵانەی ڕابردوودا بە هۆی تەقەلا و هەوڵی ماندوویی‌نەناسانەی ئەندامانی لێژنەی زانستییەوە و بە هۆی پاڵپشتیی بەرپرسانی دڵسۆزەوە توانیویەتی کۆمەڵێ هەنگاوی گەورە لە پێناوی گەشەپێدان و بووژانەوەی لایەنە جیاجیاکانی زمان و ئەدەبی کوردی هەڵبگرێ. هیوادارم زانکۆکانی تری ئێران و بە تایبەت زانکۆکانی ناوچە کوردنشینەکان، زیاتر لە جاران لە پێناوی پاراستن و پەرەپێدانی سامانی پڕبایەخی زمان و ئەدەبی کوردی تێبکۆشن و بۆ ئەم مەبەستەش دەوری خۆیان بە باشی و بە تەواوی بگێڕن.

بڵاوکردنەوەی توێژینەوە‌نامەی وێژەی کوردی هەنگاوێکی کاریگەر و شایانی سەرنجە لە پێناوی پەرەپێدانی لێکۆڵینەوەی زمان و ئەدەبی کوردی. بەرفراوانیی زۆر و توانستی بەرزی زمانی کوردی لە لایەکەوە و، فرەچەشنیی واتا مرۆیی و دنیاداگرەکان و جۆراوجۆریی بنەما ڕەسەنە فەرهەنگییەکانی ئەدەبی کوردی لە لایەکی ترەوە، نەک هەر پێویستیی فێرکاریی زمانی کوردی و خوێندن بە کوردی دەردەخات، بەڵکوو ئەرکی شیکاری و توێژینەوەی لایەن و ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەدەبی کوردی زیاتر لە جاران دەخاتە سەرشانمان. بێجگە لەمانەش، بە سەرنج‌دان بە کاریگەری و کارتێکراویی دوو زمانی کوردی و فارسی و گرنگایەتیی پەرەپێدانی هەر دوو زمانەکە، ئەوڕۆکە فێرکاری و لێکۆڵینەوەی زمانی کوردی وەکوو یەکێک لە پێنوێن و دەرکەوتە دیاری‌کەرەکانی ڕەوتی پەرەسەندنی هاوسانی فەرهەنگی دادەنرێت. هەروەهاش، ئەو کەلەپوور و سامانە بەنرخەی کە بەرهەمە ئەدەبییە زارەکی و نووسراوەکان بە درێژایی مێژوویەکی پڕ لە هەوراز و نشێو پێکیان‌هێناوە، دەشێت ببێتە جیگای ئاوڕدانەوە و تێڕامانی نەوەی ئێستا و لاوەکان، بە تایبەت لەم سەردەمەدا کە قەیرانی ناسنامە وەکوو ئاڵۆزییەکی فرەپاتی دەروونی، تەنگی بە سووژەی هاوچەرخ هەڵچنیوە.

توێژینەوە‌نامەی وێژەی کوردی یەکەمین و تەنها گۆڤاری زانکۆییە لە سەرتاسەری ئێراندا کە بە دوو زمانی کوردی و فارسی و لە بواری زمان و ئەدەبی کوردی، ئەدەبی بەراوردکارانە و ڕەخنە و تیۆریی ئەدەبیدا بە دوو شێوەی ئەلکترۆنیک و کاغەزی، بڵاودەبێتەوە. خاوەنی ئیمتیازی گۆڤارەکە توێژینگەی کوردستان‌ناسیی زانکۆی کوردستانە و ئەندامی دەستەی نووسەران و هەڵسەنگێنەرانی گۆڤارەکە لە تیمێکی پسپۆڕ و شارەزای ناوخۆ و دەرەوە پێکهاتوونە کە ئەرکی پەسەندکردنی وتارەکانیان لە ئەستۆیە، بە تایبەت لە ڕووی ڕەچاوکردنی بنەواشەکانی مێتۆدۆلۆژی، چەشنی پرسی سەرەکی، لێکۆڵینەوەگەلی پێشووی پێوەندیدار، شیکاریی سەرچاوەی یەکەم و شێوەی ئاماژەکاری. ئەم دوو-وەرزنامەیە لە لایەن چەندین بانک و بنکەی زانیاریی بڕواپێکراوی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە نوانە دەکرێت و بەم دواییانەش چووەتە ڕیزی ئەو ژورناڵانەی کە بڕیارە لێژنەی گۆڤارە زانستییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا هەڵیان‌بسەنگێنی بۆ ئەوەی لە ئاکامدا ببنە خاوەنی IF، واتە ڕادەی دیاریکەری کاریگەریی ئەو گۆڤارە لە پێشڤەچوونی باسە زانستییەکان لەو بوارەدا. سەرجەم وتارەکانی گۆڤارەکە بەم زووانە دەبنە خاوەنیDOI  کە ئەمەش هەنگاوێکی ترە لە پێدانی مۆرکێکی نێودەوڵەتی بە توێژینەوەکان. هیوادارم گۆڤارەکە هەرچی ز‌ووتر لە لایەن «ناوەندی ئاماژەکاریی زانستەکانی دنیای ئیسلام» (ISC) و هەروەهاش لە لایەن ناوەندی «سکاپوس»-ەوە دانی‌پێدابنرێت و نوانە بکرێت. بە درێژایی سەدەی بیستەم و ئێستاشی لەگەڵدا بێت کۆمەڵێ گۆڤاری گرنگ و جێگەی سەرنج بە زمانی کوردی لە لایەن ناوەند و دامەزراوەکانی هەر دوو گوتاری ڕۆشنبیری و ئاکادێمیکەوە دەرچوونە، بەڵام بەداخەوە هیچ کامیان لەم بیست ساڵەی ڕابردوودا نەیان‌توانیوە بچنە ڕیزی ئەو ژورناڵانەی کە پەسەندکراوی بنکەگەلی زانیاری و متمانەپێوین، چ لە ناوخۆ یان لە دەرەوە.

 ئەگەرچی زمانی کوردی خاوەنی پێشینە و ڕابردوویەکی دەوڵەمەندە و قامووسێکی بەرفراوانی وشە و دەستەواژەی لەخۆگرتووە و لە ڕووی ڕێزمانی و ڕستەسازیشەوە مۆرکی تایبەتی خۆی هەیە و گەرچی کۆمەڵی بەرهەمی ئەدەبیی نایابی لەخۆ گرتووە، چ لە ئەدەبی زارەکیدا و چ وەکوو بەرهەمی نووسراو و، گەرچی ژمارەی ئاخێوەرانی زۆرە و هەرچەندەش ژمارەیەکی زۆر ڕاگەیێنەری گشتیی هەمەچەشن ئەم زمانە بەکارئەهێنن، بەڵام بە سەرنج‌دان بە ئامارەکانی بنکەگەلی زانیاری و ناوەندەکانی نوانەسازی و ئاماژەکاری، چ لە ناوخۆدا و چ لە دەرەوە، تا ئێستا نەیتوانیوە بگاتە ئاستێک کە لە ڕووی بەرهەم‌‌هێنانی زانستییەوە لانی کەم تۆزێک لە دۆخی زمانە دراوسێکانی وەک فارسی و عەرەبی و تورکی نزیک بێت. لە ساڵانی ڕابردوودا لە ئێران، تورکیا، سووریا و وڵاتە عەرەبییەکانی تر کۆمەڵێ دەزگای زەبەلاحی نوانەسازی، ئاماژەکاری و متمانەپێوی بۆ بەرهەمە زانستییەکان چ وەک کتێب و چ وەک گۆڤاری زانستی بە زمانگەلی فارسی و تورکی و عەرەبی دامەزراون کە لە لایەن دەزگا پێوەندیدارە حکومییەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێن و بەردەوام بەڕۆژ دەکرێنەوە. کەچی لە هەریمی کوردستاندا نەک هەر ئەو ناوەندانە لە ئارادا نین بەڵکوو تەنانەت بیرۆکەکەشی تا ئێستا گەڵاڵە نەکراوە. ئەمەش بە شێوەیک کە ئێمە تا ئێستا تەنانەت یەک جاریش لە زاری ڕۆشنبیر یان بەرپرسێکەوە نەمان‌بیستووە باسێکی لەو چەشنە بهێنرێتە ئاراوە.

بڵاوکردنەوەی ئەم گۆڤارەی بەردەست هەوڵێکە بە مەبەستی دابین‌کردنی جێگە و پێگەیەکی هەرچەند زۆر بچووک بۆ زمانی کردی لە بنکەگەلی زانیاری و ناوەندەکانی ئاماژەکاری و متمانەپێویدا. «نوانەکراوێتی»، واتە نوانەکرانی نووسینێک لە لایەن دامەزراوەیەکەوە، ئەو پرسە هەرە گرنگ و چارەنووس‌سازەی زمانەکانە لە دنیای هاوچەرخدا، کە مخابن لای ئێمە بە هیچ شێوەیەک و لە لایەن هیچ کەس و ناوەندێکەوە نەک هەر گرنگی پێنەدراوە بەڵکوو تەنانەت سووکە ئاماژەیەکیشی بۆ نەکراوە. ژمارە پێشووەکانی ئەم ژورناڵەی بەردەست لە لایەن توێژەرانی کوردەوە پێشوازیی گەرمی لێکرا و ئاواتەخوازین ئەم هاوکاری و هەوڵانە، یارمەتیدەر و سوودبەخش بن لە گەیشتن بە دوا وێستگەی ئامانجەکانی ئەم گۆڤارە کە برێتییە لە ئامادەبوونی توێژینەوەی ڕەسەن و مێتۆدۆلۆژیک بە زمانی کوردی لە بنکەگەلی زانیاری و ناوەندەکانی متمانەپێوی و ئاماژەکاری و نوانەسازیدا. 

لەم ژمارەیەی بەردەستدا (پاییز و زستانی ٩٨)، دوانزە وتاری کامڵی زانستی بڵاوکراونەتەوە و پوختەی وتارەکان بە سێ زمانی کوردی و فارسی و ئینگلیسی دانراون. هەوڵ دراوە لە پاڵ هەندێ بواری وەک فۆلکلۆر، ئەدەبی زارەکی، بەرهەمەکانی ئەدەبی کلاسیک بە نەریتەکانی کوردیی سەروو، ناوەندی، خواروو و گۆرانیشەوە، یاخود ئەدەبی بەراوردکارانە، گرنگایەتی بدرێتە بەکارهێنانی تیۆرییە ئەدەبییە نوێکان بۆ شیکاری و شرۆڤەی بەرهەمەکان و بایەخیش بدرێتە ژانرە نوێکان وەک ڕۆمان و شیعری نوێ. لە پاڵ ئەمانەشدا، سێ وتار لە بواری زمان‌ناسی و زارناسیدا دانراون. لەم ژمارەیەدا حەوت وتار بە فارسی و پێنج وتار بە کوردیی ناوەندی دانراون و هەر لێرەشەوە ڕایدەگێینم گۆڤارەکە دەخوازێ وتار بە شێوەزارە کوردییەکانی تریش بڵاوبکاتەوە.

توێژەرانی کوردی­نووس پێویستە زیاتر بایەخ بدەنە نووسینی وتار بە گوێرەی ڕێسا و تایبەتمەندییە دنیاداگرەکانی توێژینەوەی زانستی و، واز لە تەرکیزکردنە سەر نووسینی گشتی و فەیس‌بوکی و ڕۆژنامەنووسانە و یاخود چاپی هەڕەمەکیی کتێب بهێنن، چونکە ئەو جۆرە نووسینانە لە لایەن هیج ناوەندێکی نوانەسازی و متمانەپێوییەوە پەسەند ناکرێن. فەیس‌بوک و هاوشێوەکانی، تۆڕی کۆمەڵایەتین و شوێنی بڵاوکردنەوەی وتار نین. هەر بە هەمان شێوەش، گۆڤارەکان کە شوێنی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستین پێویستە لە یەکەم هەنگاودا خاوەنی دەستە نووسەران بن و پاشان بابەتەکان پێش بڵاوبوونەوە بنێردرێن بۆ لێژنەی هەڵسەنگێنەران. ناوەندەکانی بڵاوکردنەوەی کتێب پێویستە پێش لەچاپدانی خێرا، دەقی کتێبەکان بنێرن بۆ هەڵسەنگێنەر و پاش چاک‌کردنەوە و پێداچوونەوە بینێرن بۆ نووسیار و هەڵەچنی زانستی، ئەدەبی و زمانی. 

هیوادرام ئەم گۆڤارە بتوانێ زیاتر و زووتر لە ئامانجەکانی خۆی نزیک بێتەوە و ئەمەش بێ‌گومان یارمەتیی هەموو لایەکی پێویستە، بە تایبەت ئەو توێژەرە کوردی‌نووسانەی لە دەڤەری زمان و ئەدەبی کوردیدا کاردەکەن. ماوەتەوە بڵێم زۆربەی وتارەکانی ئەم ژمارەیە و ژمارەکانی ڕابردووش لە ڕووی ناوەرۆک و واتاوە و یاخود لە ڕووی ڕێبازناسیی لێکۆڵینەوەوە بە تەواوی ڕەچاوی بنەواشەکانی توێژینەوەیەکی ئاست‌بەرزیان نەکردووە. بۆیەش زۆر خۆشحاڵ دەبین گەر ڕەخنەکانتان لە وتارە بڵاوکراوەکانی ئەم گۆڤارە لە ڕواڵەتی وتارێکی تێروتەسەلدا و لە ڕێگەی ماڵپەڕی گۆڤارەکەوە ڕەوانە بکەن؛ ئاشکرایە وتارەکان پێویستە بە پێی ڕێمانییەکانی چۆنیەتیی داڕشتنی توێژینەوەکان بن و بەشە سەرەکییە پێکهێنەرەکانی لێکۆڵینەوەی زانستی  لەخۆ بگرن.

لە کۆتاییدا، بە پێویستی دەزانم سپاس و پێزانینی خۆم پێشکەشی سەرجەم ئەو هاوڕێ و هاوکارانە بکەم کە لە بڵاوکردنەوەی ئەم گۆڤارەدا یارمەتی‌یان داوین. سپاسی خۆم ئاراستەی ئەندامانی دەستەی نووسەران و هەڵسەنگێنەران و هەڵەچنە زانستی و ئەدەبییەکانی گۆڤارەکە دەکەم. هەروەهاش سپاسی ئەندامانی لێژنەی زانستیی کۆلێژی زمان و وێژەی زانکۆی کوردستان و بە تایبەت مامۆستایان و خوێندکارانی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی دەکەم کە بەردەوام بە دڵ‌فراوانییەوە بەرەو پیری داخوازییەکانمان هاتوون، وتاریان بۆ ژورناڵەکە هەڵسەنگاندووە و تەنانەت ئەرکی نووسیاری و هەڵەچنیشیان لە ئەستۆ گرتووە. سپاسی جێگرایەتیی توێژینەوەی زانکۆی کوردستان دەکەم کە هەردەم پاڵپشتمان بوونە لە بردنە سەری ئاستی گۆڤارەکە. هەروەهاش سپاسی بەڕێوەبەری گۆڤارەکە و نەخشەساز و بەرپرسی ڕازاندنەوەی لاپەڕەکان دەکەم. بەو هیوایەی نموونەیان زۆر بێت.

بەختیار سەجادی

جێگری سەرنووسەری توێژینەوەنامەی وێژەی کوردی

20ی ڕەشەمەی ٢٠٢٠ی زایینی